شاعیر: بێخود
کتێب: دیوانی بێخود
سەرناو: کە حەججاجی فەلەک هات و بە خوێنی غەم خەڵاتی کرد

کە حەججاجی فەلەک هات و بە خوێنی غەم خەڵاتی کرد
بەسەر شێخ و مەلادا دابەشی مووچە و بەراتی کرد

کەسم ئیمڕۆ نەدی بیخاتە سەر سەر چەرخ و سوبحەینێ
وەها نەیدا بە عەرزا تۆ نەڵێی قەتعی حەیاتی کرد

لە ساداتی تەکێ عەبدولکەریم نازانی شایێ بوو
کەچی فیلی ئەجەل هات و کشێکی کرد و ماتی کرد

کە زانی نەشئەیێ نادا حەیاتی عاریەت بۆ کەس
ئەویش وەک باب و جەددی ئارەزووی بەزمی مەماتی کرد

بِحَمدِ اللّه لە دنیادا کە ئەوقاتی نەفیسەی خۆی
بە ئەکسەر سەرفی زیکری باقیاتی سالیحاتی کرد

من و تۆی تووشی قەعری دۆزەخی هیجرانی غەم فەرموو
ئەگەرچی خۆی لە ئەوجی قەسری فیردەوسا سوباتی کرد

کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە ئوستادی خیرەد بێخود
بە ئاه و ناڵە داوای قاقەز و خامە و دەواتی کرد

منیش لەوحەی دڵ و ئەنگوست و چاوم نایە بەردەستی
ئەویش الحق بە دیققەت سەنعەتێکی پڕ نیکاتی کرد

حوڕووفی موعجەمەی ئەم میسرەعەی نووسی بە تەئریخی
جەوانمەردێ لە ئەشرافی تەکێ ئەمڕۆ وەفاتی کرد